26/12/2017
کاردۆ محەمەد

گۆڕان و ئەرکی هەنوکەیی!

لە دوا (16)ی ئۆکتۆبەر، خەڵکی کوردستان روبەڕوی هەڕەشەو داڕوخانێکی گەورە لە هەمو ئاستەکان بۆتەوە. لەسایەی حوکمی حزبۆکراتی هەردو حزبی خاوەن هێز، رژانە سەرشەقام و ناڕەزایی و خۆپیشاندان بۆ بژێوی ژیان و خواستە رەواکانیەتی. لەم هەلومەرجە سەخت و دژوارەی ناسەقامگیریەی گەلەکەمان ئامادەنین بۆ گۆڕینی شێوازی حکوم و دەیانەوێ درێژە کێشانی دۆخەکە بەشێوازی ئێستا بەردەوامی پێبدەن و بەسەربازی کردن و توندوتیژی نواندن وڵاتەکەمان بەرەو چارەنوسێکی نادیار ببەن.

هەمو لایەک ماهیەتی هێزەکانی کوردستان و هۆکاری قەیرانەکان دەزانن، کەواتە چکاوەی مەبەست چیە؟ چۆن دەتوانین بەشدار بین بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و رزگار کردنیان لەتەنگژەکاندا.

گۆڕان کشایەوە؛ بەرنامەی راگەیەندراوی کامەیە، لە ئاستەکانی سیاسی، دیبلۆماسی، ئابوری، یاسایی و نیشتیمانی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک بۆ ئەوەی بە ئومێدێکی رونەوە، پشتیوانی بکرێت. ئۆپۆزسیۆن بون پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی رون و راشکاو هەیە. هەڵگری هزری سیاسی و بەرنامە و ئامانجی  رون بێت. پڕۆژەی هێزی سیاسی بە هەڵچون و توڕەی هاوڵاتیانی مەحروم لە هەمو پێداویستیە سەرەتایەکان بەکاتی نایەتە دی، بەڵکو لە بێ بەرنامەی دا و ئەجێندای لابەلاو شاراوەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.

لەم قۆناغەدا گۆڕان لە پرۆسەیەکی سیاسی بەردەوام دا ئەرکێتی خاوەن پڕۆژەی چاکسازی درێژخایەن و زانراو بێت. لەم قۆناغەدا لەم خاڵانەی دەبینمەوە.

کۆکردنەوەی هەمو وزەو تواناکان لە بەرەیەکی هاوبەش دا، وەک جەمسەرێکی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەسەڵات دا.
 

دروست کردنی لیژنەیەکی نیشتیمانی لە کەسایەتی سەربەخۆ بەشداری نوێنەرەکانی سەرجەم لایەنەکان کە رۆڵیان لە خراپ کردنی دۆخی کوردستان نەبوە. بەمەبەستی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوەند و نێودەوڵەتی و هەوڵدان لەپێناوی چارەسەرکردنی هەنوکەیی بەتایبەتی دانوستاندن لەگەڵ عێراق بۆ باشترکردنی گوزەران و بژێوی خەڵک داکۆکی لەمافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان.
جەخت کردنەوە لەهەڵبژاردنێکی پاکو ئازاد و داڕشتنی بەرنامەی (انتیقالی) بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی سیاسی (یەکخستنی هێزی چەکدار لە چوارچێوەی نیشتیمانی دا، بەدامەزراوەکردن و چاکسازی لە سیستەمی دادوەری و کارگێڕیدا، دژایەتی گەندەڵی) دانانی دەستورێکی دیموکراسی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بۆ حکومڕانیەکی شەفاف و پارێزەری مافی هاوڵاتیان و چەسپاندنی یاسای مافپارێز. پێشەوایەتیکردنی خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی رێکخراو لە قۆناغی یەکەم؛ بۆ باشتر کردنی بژێوی و خزمەتگوزاری. لە قۆناغی دوەم؛ بۆ رێکخستنەوە و چاکسازی سیستەمی سیاسی قۆناغی سێەم؛ گۆڕینی حکومڕانی بە خەباتێکی مەدەنی جەماوەری.
ئەمانە مانشێتی داوای خەڵکی کوردستانەو هەمو گوشارو خۆپشاندان و ناڕەزاییەکان لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەدا بێت.