03/12/2017
بەیار عومەر عەبدوڵا

دەسەڵات لە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویدا

لە رۆژی رابردوەوە جارێکی تر شەپۆلێکی ناڕەزایی خەڵک لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە، خۆپیشاندانی ئەمجارە ھەست دەکرێت توندترەو خەڵک بە توڕەییەکی زیاترەوە ھاتوونە سەرشەقام، ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە ئاست ھەست کردن بە بەرپرسیاریەتێکی گەورەدا بوون، پاراستنی ئارامی ھەرێمی کوردستان و دورخستنەوەی توند و تیژی لە ھەرێمەکەو رێگەگرتن لە ھەر پیلانێکی دوژمنانی دەرەوە بۆ شێواندنی بارودۆخەکەیان خستبووە پێش نان و مووچە و خزمەتگوزاری و ھەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی خۆیانەوە، لە ساڵی ٢٠١٤شدا لەوکاتەدا کە بزوتنەوەیەکی تیرۆریستی وەک داعش دروست بوو، پێشمەرگە بەخوێنی خۆی پارێزگاری لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان کرد و زیاد لە ١٣٠٠ شەھید و ١٠ ھەزار برینداری پێشکەش کرد.

 بەڵام سەد مەخابن ئەم دەسەڵاتە نەک ئەو دڵسۆزی و ھۆشیاریە نەتەوەیی و نیشتمانیەی نەنرخاند و سوپاسی گەل و پێشمەرگەی نەکرد، بەڵکو لەو دۆخەدا دەستی دایە گەندەڵیەکی بێ ئەندازە و تاکە دامەزراوەی چاودێری بەسەر حکومەتەوە کە پەڕلەمان بوو پەکی خست، دەستی دایە دزین و بەتاڵان بردنی نەوت و گرێبەستی ناشەفاف و دەرکردنی بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و وێرانکردنی حکومەت و دامەزراوە دیموکراسیەکان و سەپاندنی ھەژموونی حیزبیانەی خۆیان بەسەر ھەموو سەکتەرەکانی ئابوری و سیاسدا ، ھەتا دواجار بە بڕیاری بێ پلان و نابەجێی ریفراندۆم کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان دروستکرد، کە خاک و گەل و نەتەوەی کوردیان تووشی گەورەترین سەرشۆڕی کرد. شکستی کورد لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ھاوشێوەی شکستی وڵاتانی عەرەبی بوو لە ساڵی ١٩٦٧دا.

خۆپیشاندانی ئەمجارەی جەماوەری کوردستان، وەڵامە بۆ حوکمڕانی ٢٦ ساڵی رابردووی دەسەڵاتی کوردی. بەڵام ئایە دەسەڵاتی کوردی چۆن دەڕوانێتە ئەم خۆپیشاندانانەو ھەڵوێستی لە بەرامبەر توڕەیی خەڵکدا چی دەبێت؟ ئەم دەسەڵاتە لە ئێستادا ھیچ سەنگێکی نەماوەو ھەموو مقەوماتی حکومەتداری لەدەستداوەو متمانەی ھاوڵاتیانی لەدەستداوە، کەواتە ئەگەر حکومەتێکیش گەلەکەی نەیەوێت چۆن درێژە بە دەسەڵات و حوکمڕانی خۆی دەدات.

حکومەتی ھەرێم لە ئێستادا بەغدا وەڵامی ناداتەوە، لەژێر گەمارۆی تورکیا و ئێراندایە، ھاوپەیمانان و ئەمریکا گوێ لە داواکاریەکانی ناگرێت، ھاوڵاتیانیش لەسەر شەقامن و داوای رۆیشتنی دەکەن، کەواتە لەم کاتەدا دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە لە حکومەتدا دەبێت بیر لە رێگەچارەیەکی عەقڵانی بکەنەوە بۆئەوەی ھەرێمی کوردستان بە ئارامی بمێنێتەوەو دوژمنانی دەرەوە دەستی تێ نەخەن، دەبێت دەسەڵاتداران واز لە بەرژەوەندیە حیزبی و تاکە کەسیەکانیان بھێنن و جارێکی تر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی مامەڵە بکەن و بە عەقڵێکی کراوە بێنە پێش و گوێ لە داواکاریەکانی شەقام و ھێزە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن، ھەتا لە رێگەی ھەموویانەوە بگەنە پڕۆژەیەکی ھاوبەش و ھەرێمی کوردستان لە مەترسیە چاوەڕوانکراوەکانی بپارێزن.

چونکە ئەگەر بەوشێوەیە مامەڵە نەکەن و ھەر سوربن لەسەر رێگەچارە تەقلیدیەکان و بەشێوەی ئەمنی و سەربازی بەرەوڕووی دۆخەکە ببنەوە، ئەوا کوردستان و خۆیان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبەن و ئەمەش دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی و ئەخلاقی بۆ ھەتا ھەتایە وەک دۆکیۆمینت لەسەریان دەمێنێتەوە.